گۆڕستانی خەمەکانم (قەرەچوخ) – عارف العقراوي

ئەگەر هاتووی لێم بپرسی کوا دڵە ناسکەکەی جارانت؟
ئەوەی پر لە هەست و سۆز و خۆشەویستی بوو..
منیش پێت دەڵێم ببورە ئازیزم،
ئەو دڵەی تۆ لەدوای هاتووی دەمێکە لە گۆڕێکی تەنگ و تاریک و تەنیا نێژراوە..
وەکو منداڵێکی مردوو بە فرمێسکی چاوەکانم شۆردووم
بە ئاهی خەمەکانم کفنم کرد.
کاتێک بە تەنها دەمناڵی لە شاخی چوخی ووشک و ڕەق،
هەتا ئەوکاتەی هەردوو ڕوومەتم سووتان بە فرمێسکی گەرم و سوور.
گوێ ڕاگری هاوارەکانم تەنها ئاسمانی شین و بەردەڵانەکانی چوخ بوو..
زۆر بە دەوری خۆمدا سووڕام، بە هاواری پڕ لە ئاهـ
هاوارم دەکرد کوا باوک کوا دایک..
کوا خوشک کوا برا کوا کەسوکار..
هەر خۆم بووم و بە تەنها وەک مردوویەک بۆ گۆڕ دەبردرام..
کە نازانێ خۆیەتی مردووی بەدبەخت..
ئەوانیش وەک بەردەکان کڕ و کپ و بێ دەنگ بوون.
ئەوسا زانیم کە هەر دڵێک پربێ لە هەست و سۆز، تا ماوە بێ کەس و بریندار و شکاو دەبێ..
ئینجا دڵم لە شاخی چوخی ڕەق ناشتەوە. لە جێگەی ئەو بەردی شاخم دانا، تا بتوانم لەگەڵ ئێوە هەڵبکەم و بژیم..